پەیامی جەژنە پیرۆزەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

23/09/2015 05:48:00 م
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانەوە، بەناوی خۆم و پەرلەمانی کوردستانەوە، پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان دەکەم. بەتایبەتیش هێزی پێشمەرگە، کە ئێستا لەبەرەکانی جەنگی دژ بە تیرۆرستان بەرگری لە خاکی کوردستان دەکەن. پیرۆزبایی لە خێزانی شەهیدان دەکەم کە ڕۆڵەکانیان خۆیان کردە قوربانیی ئازادی کوردستان، سڵاو بٶ ڕۆحی پاکی یەک بە یەکی شەهیدانمان سڵاو لە دایک و باوک و خێزان و ڕۆڵەی ئارامگری شەهیدان.
هاتنەوەی جەژنی قوربان، لە کاتێکدایە کە هاوڵاتیان لە بارودۆخێکی سەختی ئابوریدا دەژین و ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان بەهۆی نەبونی دادی کۆمەڵایەتی، بێکاری، قەیرانە سیاسیەکانی هەرێم، ڕێگەی سەختی هات و نەهاتی ئاوارەییان بەرەو غوربەت گرتوەتە بەر.
ئەم بارودۆخە سەختەی هەرێمی کوردستان، بەرپرسیارێتی گەورە دەخاتە سەرشانی حکومەتی هەرێم، کە دەستبەجێ لە ڕێی بەرنامەیەکی چاکسازیی هەمەلایەنە هەوڵی چارەسەرکردنی قەیرانە سەختەکانی هەرێم بدات، پەرلەمانی کوردستانیش بەردەوام دەبێت لەو پرۆسە چاکسازییەی کە هەنگاوی بۆ ناوە. هاوڵاتیانی خۆشەویست... ئێستا لە هەمو کات زیاتر پێویستمان بە بەهێزکردنی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەیە، کە ئەویش لە ڕێی بەهێزکردنی دیموکراسی، ئیدارەدانی ئاشتیانەی جیاوازی و ململانێ سیاسییەکان، چاکسازی، یەکڕیزی بەرامبەر هێرشەکانی گروپی تیرۆرستی داعش.
 سەبارەت  بە قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم و کۆتایی هاتنی ولایەتی سەرۆکی هەرێمیش،ئێستا لایەنە سیاسیەکان لە گفتوگۆدان بۆ کۆتایی هێنان بەو کێشەیە، پەرلەمانیش دەرفەتی داوەتە لایەنەکان لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆبکەن و بگەنە سازان و بە زوترین کات کۆتایی بێنن بەو کێشەیە هەر بۆیە هێشتا ئەم پرسەی نەهێناوەتەوە بەرنامەی کاری خۆی.
دوبارە جەژنی قوربان لەهەمو لایەک پیرۆز بێت.
د.یوسف محەمەد سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٣-٩-٢٠١٥

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ