رۆلی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ هاوكاریكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌زنرخێنرا

13/09/2015 01:54:00 م
له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ ژماریه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان رۆلی گرنگ ‌و كاریگه‌ری وڵاتانی ئه‌وروپای له‌ هاوكاریكردن ‌و پشتیوانیكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش به‌رزنرخاند ‌و داوای له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا كرد كه‌ هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان بن له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ سیاسی ‌و ئابوورییه‌كان.
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2015/9/13، د.یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ‌و فه‌خره‌دین قادر عارف سكرتێری په‌رله‌مان، له‌ نووسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا كرد كه‌ بریتیبوون له‌ چارلس تانۆك سه‌رۆكی سه‌رۆكی گرووپی دۆستایه‌تیی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا ‌و كامبێڵ بانێرمان سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری عیراق له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا ‌و خاتوو ئانا گۆمێز ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا ‌و پاتریك گایسن به‌رپرسی ئۆفیسی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ هه‌رێمی كوردستان.
له‌ دیدارێكدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی له‌ كۆچكردنی گه‌نجانی هه‌رێمی كوردستان بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا كرد ‌و ئه‌م كۆچكردنه‌ی گه‌نجانی به‌ ده‌رئه‌نجامی دۆخی سیاسی ‌و ئابوورییی هه‌رێمی كوردستان له‌ قه‌ڵه‌مدا ‌و رۆلی په‌رله‌مانی ئه‌وروپای له‌ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كۆچبه‌ران ‌و به‌جیهانیبوونی به‌ گرنگ زانی.
سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی سیاسی ‌و ئابووریی هه‌رێمی كوردستانیش سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ختی له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ‌و ململانێ سیاسییه‌كان به‌ رێگه‌ی یاسایی ‌و دیموكراسی كرده‌وه‌ ‌و رایگه‌یاند: "چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ سیاسی ‌و ئابوورییه‌كانی هه‌رێم له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێم ‌و یه‌كێتیی ئه‌وروپادایه‌، بۆیه‌ داواكارین كه‌ هاوكارمان بن له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ئابووری ‌و سیاسییه‌كانمان".
سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ سیاسه‌تی یه‌كێتیی ئه‌وروپا بۆ دیموكراتیزه‌كردنی ئه‌وروپای شه‌رقی سه‌ركه‌وتوو بووه‌ ‌و داوای كرد كه‌ هه‌مان سیاسه‌ت بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش بگرنه‌ به‌ر ‌و رایگه‌یاند: "ئه‌مه‌ كاریگه‌ریی زۆری ده‌بێت له‌سه‌ر سه‌قامگیریی سیاسی ‌و ئابووریی ناوچه‌كه‌".
هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر رۆلی گرنگ ‌و كاریگه‌ری وڵاتانی ئه‌وروپا له‌ هاوكاریكردن ‌و پشتیوانیكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش ‌و ئاماژه‌ی به‌ گرنگیی كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد ‌و رایگه‌یاند: "كردنه‌وه‌ی ئه‌م نووسینگه‌یه‌ رۆلی كاریگه‌ری ده‌بێت له‌ پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان ‌و یه‌كێتیی ئه‌وروپا".
پاشان د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ وته‌یه‌كی كورتدا هاوكاریكردن ‌و پشتیوانیكردنی یه‌كێتیی ئه‌وروپای بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش به‌رزنرخاند ‌و رایگه‌یاند: "ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تی بۆ كورد ‌و ره‌خساند كه‌ له‌ رێگه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه‌ ده‌نگی كورد بگاته‌ ئاستێكی نێوده‌وڵه‌تی".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ گرنگیی كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ هه‌رێم كرد ‌و رایگه‌یاند: "كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ هه‌رێم، په‌یامێكی گرنگ بوو به‌وه‌ی كه‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا گرنگیی به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات". 
  
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ شانده‌كه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا، خۆشحاڵی خۆیان به‌ سه‌ردانیكردنی هه‌رێمی كوردستان ‌و ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی كه‌ له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا له‌ هاتوونه‌ته‌ دی ده‌ربڕی ‌و ‌و رایانگه‌یاند: "مایه‌ی شانازییمانه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ وڵاتی ئێوه‌ین، هیوادارین رۆژێك ببن به‌ په‌رله‌مانی زڵاتێكی سه‌ربه‌خۆی خۆتان".
هه‌روه‌ها رۆلی گه‌وره‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش به‌رزنرخاند ‌و جه‌ختیان له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان ‌و په‌رله‌مانی ئه‌وروپا كرده‌وه‌ ‌و رایانگه‌یاند: "ده‌مانه‌وێ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ په‌ره‌پێبده‌ین ‌و هاتووین بۆئه‌وه‌ی راپۆرتێك له‌سه‌ر پێداویستییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ بكه‌ین له‌ رووی ئابووری ‌و سیاسی ‌و كاركردن بۆ دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش له‌ دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانانه‌یان ‌و كار بكه‌ین له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی خۆمان بۆ گه‌یاندنی داخوازییه‌كانی گه‌لی كورد ‌و هێنانی زۆرترین هاوكاریی سه‌ربازی ‌و مرۆیی بۆ كوردستان".
هه‌روه‌ها هیوایان خواست كه‌ كوردستان بكرێته‌ نموونه‌یه‌كی جوان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ‌و له‌ ژیانیاندا ده‌وڵه‌تی كوردستان ببینن. 

رۆژمێرى رووداوه‌كان