سەرۆکی پەرلەمان: فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەتوانن بگەنە سازان

27/07/2015 02:21:00 م
لە کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، جەختکرایەوە لەسەر بەردەوامی کۆبوونەوەکان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی گونجاو لە پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا پرسی بەزاندنی سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە گفتوگۆی لەبارەیەوە کرا.
ئەمڕۆ دوو شەممە، ٢٧-٧-٢٠١٥ د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان و فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لیژنەی یاسایی  پەرلەمان کۆبوونەوە.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمان باسێکی لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم ڕێکەوتنی لایەنە سیاسییەکانی کرد لە گەیشتن بەڕێگە چارەیەکی گونجاو لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و لەو بارەیەوە وتی "پێویستە شانبەشانی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان، فراکسیۆنەکانی پەرلەمانیش لەناو پەرلەماندا لە گفتوگۆدابن بۆ چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، چونکە پەرلەمانی کوردستان مەرجەعی سەرەکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە و فراکسیۆنەکانیش لەو پرسەدا دەتوانن بگەنە ئەنجام.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنەکان پشتیوانیان لە بەیاننەمەکەی پەرلەمانی کوردستان کرد کە بۆ ئیدانەکردنی بەزاندنی سنووری هەرێمی کوردستان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوی کردەوە.
بڕیاردرا کۆبونەوەکانی لیژنەی یاسایی و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەکاتی گونجاودا بەردەوامییان هەبێت تا هەمو لایەنەکان دەگەنە رێگە چارەیەکی گونجاو.

 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ