سەرۆکی پەرلەمان: فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەتوانن بگەنە سازان

27/07/2015 11:03:00 ص
د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان، لە پێشوازی سەعدی ئەحمەد پیرە بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا، دەڵێت"فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان بەردەوام لە گفتوگۆ و دیالۆگدا لەسەر پرسە جیاوازەکانی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان، پێشتریش چەندین پرسی جیاواز هەبووە کە لە خولەکانی پێشوودا نەتوانراوە یەکلایی بکرێنەوە، بەڵام لەم خولەدا فراکسیۆنەکان گەیشتوونەتە سازان و ئەو یاسایانەیان پەسەندکردوە، سەبارەت بە پرسە گەرمەکانی ئێستای هەرێمی کوردستانیش فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەتوانن بگەنە سازان.
ئەمڕۆ دوو شەممە، ٢٧-٧-٢٠١٥ د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان، پێشوازی کرد لە سەعدی ئەحمەد پیرە بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
لەکۆبوونەوەیەکەدا، کە بێگەرد تاڵەبانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئامادەبوو، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی دەستخۆشی لەهەنگاوەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد لەسەر پرسە جیاوازەکان و هیوای خواست هەمو فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان پێکەوە ئەم قۆناغە هەستیارە تێپەڕێنن، چونکە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و دەروبەرمان ئەوەمان لێدەخوازێت هەمومان پێکەوە بین و هەوڵی لێکنزیکبوونەوەی زیاتر بدەین و جیاوازییە حیزبییەکانمان وەلا بنێین.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان