هه‌ردوو ئه‌نجوومه‌نی باڵای ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق و هه‌رێم بۆ دانانی نه‌خشه‌ڕێگه‌ی لێكتێگه‌یشتن و هه‌ماهه‌نگیی نێوانیان كۆبوونه‌وه‌

22/06/2015 12:36:00 م
له‌ژێر چاودێریی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌ردوو ئه‌نجوومه‌نی باڵای ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، بۆ دانانی نه‌خشه‌ڕێگه‌ی لێكتێگه‌یشتن و هه‌ماهه‌نگیی نێوانیان كۆبوونه‌وه‌. 
سه‌عات 10ی به‌یانیی ئه‌مڕۆ 2015/6/22، به‌ سه‌رپه‌رشتیی فه‌خره‌دین قادر عارف سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، نوێنه‌رانی هه‌ردوو ئه‌نجوومه‌نی باڵای ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی فیدراڵ و هه‌رێم، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خۆیان ئه‌نجامدا بۆ تاووتوێكردنی چۆنیه‌تیی دروستكردنی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان هه‌ردوو ده‌سته‌كه‌.
له‌ ده‌سپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، فه‌خره‌دین قادر عارف سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌ رۆلی گرنگی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له‌ پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا و روونیكرده‌وه‌ وه‌كو هه‌رێمی كوردستان خوازیارن سوود له‌ ئه‌زموونی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق ببنین كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا چه‌ندین پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنیان به‌ڕێوه‌بردووه‌. 
سه‌باره‌ت به‌ هێڵه‌ گشتییه‌كانی كۆبوونه‌كه‌ش، سكرتێری په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "مه‌له‌فی رێكخستنی هه‌ڵبژاردنه‌ فیدراڵییه‌كان و بابه‌تی تۆماری ده‌نگده‌ران و مافی چاودێریكردن به‌سه‌ر ده‌نگده‌ران و كاری نووسینگه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی فیدراڵ و چه‌ند بابه‌تێكی ته‌كنیكیی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ جێگه‌ی بایه‌خ و گفتوگۆكه‌مانن و ده‌مانه‌وێت رای ئێوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ ئاگاداربین".
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نوێنه‌رانی ئه‌نجوومه‌نی باڵای كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم، ئه‌وه‌ی بۆ وه‌فده‌كه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی فیدراڵ روونكرده‌وه‌ كه‌ دامه‌زراندنی كۆمسیۆنه‌كه‌ی هه‌رێم نه‌ بۆ مه‌به‌ستی دژایه‌تیكردنی كۆمسیۆنی فیدراڵ پێكهاتووه‌ و نه‌ بۆ دروستكردنی كێشه‌ و به‌كارهێنانی موڵك و توانای ئه‌وانیش دروستبووه‌، به‌ڵكو ته‌واو پشت به‌خۆی ده‌به‌ستێت و له‌ هه‌مانكاتیشدا داوای هاوكاری و سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی كۆمسیۆنه‌كه‌تان ده‌كات.
 
له‌ به‌رامبه‌ریشدا، نوێنه‌رانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق، سوپاسی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد بۆ بایه‌خدان به‌ كاری كۆمسیۆنه‌كه‌ و خه‌مخۆرییان بۆ دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندی له‌ نێوان هه‌ردوو كۆمسیۆنی هه‌رێم و فیدراڵ، ئه‌وه‌شیان روونكرده‌وه‌، ئه‌و داواكاری و تێبینییانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ خراونه‌ته‌ روو، هه‌وڵده‌ده‌ن بیخه‌نه‌ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیۆنه‌كه‌یان و دواتریش ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقی لێ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ك ئاماده‌یی خۆشیان نیشاندا له‌ هاوكارییكردنی كۆمسیۆنی هه‌رێم.
پاشان هه‌ردوولا له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێكی سه‌ره‌كی رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ فیدراڵییه‌كان له‌ ئه‌ستۆی كۆمسیۆنی عیراقه‌ و هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمیش له‌ ئه‌ستۆی كۆمسیۆنی هه‌رێم ده‌بێت و بڕیاریشدرا میكانیزمی هاوبه‌ش بۆ چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌لأ كیانه‌ سیاسییه‌كان و كاندیده‌كان بكرێت و نووسینگه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش له‌ هه‌رێم وه‌ك خۆیان بمێننه‌وه‌.
ده‌رباره‌ی تۆماری ده‌نگده‌رانیش، بڕیاردرا گفتوگۆی زیاتری له‌باره‌وه‌ بكرێت ‌و سه‌ره‌تا هه‌رێم پشت به‌و تۆمارانه‌ی كۆمسیۆنی عیراق ببه‌ستێت.
 له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاردرا به‌پێی گۆڕانكارییه‌كانی داهاتووی ناوچه‌كه‌ بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت.
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا بڕیاردرا كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وامیان هه‌بێت تاوه‌كو له‌ كۆتاییدا ره‌شنووسی كۆتایی رێككه‌وتننامه‌ی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی نێوان هه‌ردوو كۆمسیۆنه‌كه‌ ئیمزا ده‌كرێت و كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووش له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌بچێت.   


رۆژمێرى رووداوه‌كان