راگرتنی كاركردن به‌ یاسای به‌كرێدانی خانووبه‌ره‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ درێژ كرایه‌وه‌

16/06/2015 01:31:00 م
له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستاندا، چه‌ند مادده‌یه‌ك له‌ یاسای راكێشانی مایه‌ له‌ رێگای قه‌رزكردن له‌ هه‌رێمی كوردستان دووباره‌ به‌ ده‌نگدان په‌سند كرانه‌وه‌ ‌و راگرتنی كاركردن به‌ یاسای به‌كرێدانی خانووبه‌ره‌، ژماره‌ (9)ی ساڵی 2008 بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ درێژ كرایه‌وه‌.
سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2015/6/16، په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆكی په‌رله‌مان ‌و د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكى جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و فه‌خره‌دین قادر عارف سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (15)ی ئاساییی خولى به‌هاره‌، ساڵى دووه‌م له‌ خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجامدا. 
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌ سێ خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر مادده‌كانی (10 ‌و 11 ‌و 12 ‌و 13) ‌و (هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندن) له‌ یاسای راكێشانی مایه‌ له‌ رێگای قه‌رزكردن له‌ هه‌رێمی كوردستان-عیراق، ژماره‌ (7)ی ساڵی 2015، به‌پێی مادده‌كانی (4، 74،75،77) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای راگرتنی كاركردن به‌ یاسای به‌كرێدانی خانووبه‌ره‌ ژماره‌ (9)ی ساڵی 2008 له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی مادده‌كانی (72، 74، 75) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، خاڵی سێیه‌م ‌و كۆتایی به‌رنامه‌ی كاریش بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كار ‌و چالاكییه‌كان ‌و كێشه‌ ‌و گرفته‌كانی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیاران له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسی له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ‌و به‌پێی مادده‌ی (3) له‌ یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسی ژماره‌ (4)ی ساڵی 2014. 
 
 
 به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، كه‌ بریتی بوو له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر مادده‌كانی (10 ‌و 11 ‌و 12 ‌و 13) ‌و (هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندن)ی ئه‌و یاسایه‌ كه‌ له‌ دانیشتنی ژماره‌ (13)ی ئاسایی له‌ رۆژی 2015/6/2، له‌ كاتی ده‌نگدان ‌و په‌سندكردنیدا نیصابی یاسایی ته‌واو نه‌بووه‌، بۆیه‌ به‌پێی مادده‌كانی (4، 74،75،77) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، دووباره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌و ماددانه‌ ‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی یاساكه‌ی به‌ جیا خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و په‌سندكران، پاشان كۆی یاساكه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا. 
به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاریش كه‌ بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای راگرتنی كاركردن به‌ یاسای به‌كرێدانی خانووبه‌ره‌ ژماره‌ (9)ی ساڵی 2008، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروباری یاسایییه‌وه‌ ده‌قی پڕۆژه‌ یاساكه‌ ‌و راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی خوێندرانه‌وه‌ ‌و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروباری یاساییه‌وه‌ پێشنیاز كرا راپۆرتی لیژنه‌كه‌یان بكرێته‌ بنه‌ما بۆ گفتوگۆكردن، ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ كۆی ده‌نگ په‌سند كرا
سه‌ره‌تا ناوونیشانی پڕۆژه‌ یاساكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ راپۆرتی لیژنه‌ی یاساییدا هاتبوو خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ كۆی ده‌نگ په‌سندكرا.
مادده‌ی یه‌كه‌می پڕۆژه‌ یاساكه‌ش كه‌ تیایدا داواكراوه‌  راگرتنی كاركردن به‌ حوكمه‌كانی یاسای به‌كرێدانی خانووبه‌ره‌ی ژماره‌ (9)ی ساڵی 2008 بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ درێژ بكرێته‌وه‌ تا رۆژی 2016/7/15، دوای گفتوگۆكردنی ‌و روونكردنه‌وه‌كانی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند به‌ هۆكاره‌كانی راگرتنی كاركردن به‌و یاسایه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ راپۆرتی لیژنه‌كه‌دا هاتبوو خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.
سه‌باره‌ت به‌ مادده‌ی دووه‌می پڕۆژه‌ یاساكه‌ش كه‌ تیایدا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری ژماره‌ (220)ی ساڵی 2001 كراوه‌، وه‌ك خۆی خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.
سه‌باره‌ت به‌ مادده‌كانی سێیه‌م ‌و چواره‌می پڕۆژه‌ یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ پابه‌ندكردنی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌و یاسایه‌ ‌و كاركردن به‌و یاسایه‌ له‌ رۆژی ده‌رچوونییه‌وه‌ ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمیی وه‌قایعی كوردستان، هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و په‌سند كران.
پاشان هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی یاساكه‌ ‌و كۆی یاساكه‌ به‌ جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و په‌سند كران.
 
شایانی باسه‌ مه‌به‌ست له‌ ده‌رچوواندنی ئه‌و یاسایه‌، تا چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ به‌كرێدان ‌و ده‌ركردنی یاسایه‌كی گشتگیره‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ سه‌رجه‌م یاسا ‌و بڕیاره‌كانی ئه‌و بواره‌ له‌ خۆ بگرێت.   
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا ‌و رایگه‌یاند: "سبه‌ی سه‌عات 10ی به‌یانی درێژه‌ به‌ دانیشتنه‌كه‌مان ده‌ده‌ین".

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ