یاسای راكێشانی مایه‌ له‌ رێگه‌ی قه‌رزكردن په‌سند كرا

02/06/2015 07:49:00 م
له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستاندا، پڕۆژه‌  یاسای راكێشانی مایه‌ له‌ رێگه‌ی قه‌رزكردن په‌سندكرا ‌و به‌پێی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش حكومه‌ت ده‌توانێ بڕی پێنج ملیار دۆلار قه‌رز بكات ‌و له‌ پڕۆژه‌كانی ژێرخانی ئابووری ‌و وه‌به‌رهێنان خه‌رجی بكات.
سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2/6/2015، په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆكی په‌رله‌مان ‌و د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكى جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و فه‌خره‌دین قادر عارف سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (13)ی ئاساییی خولى به‌هاره‌، ساڵى دووه‌م له‌ خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجامدا. 
 
 
سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌ كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ‌و رێباز محه‌مه‌د حه‌ملان وه‌زیری دارایی ‌و كاروباری ئابووری ‌و مه‌ولود موراد محێدین وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌ كه‌ بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای راكێشانی مایه‌ له‌ رێگه‌ی قه‌رزكردن له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی مادده‌كانی (75،74،72) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو.
له‌لایه‌ن لیژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌ كه‌ پێكهاتبوو له‌ لیژنه‌كانی (كاروباری یاسایی، دارایی ‌و كاروباری ئابووری ‌و وه‌به‌رهێنان، ئه‌وقاف ‌و كاروباری ئاینی)، ده‌قی پڕۆژه‌ یاساكه‌ ‌و راپۆرتی لیژنه‌ی هاوبه‌ش خوێندرانه‌وه‌، پاشان ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مان سه‌رنج ‌و تێڕوانینی خۆیان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساكه‌ خسته‌ روو، كه‌ به‌ شێكیان له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌كه‌دا بوون ‌و به‌شێكیشیان دژی پڕۆژه‌كه‌ بوون.
 
 
دوای وه‌رگرتنی سه‌رجه‌م سه‌رنج و تێبینییه‌كان، سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌ره‌تا پێشنیازی ره‌تكردنه‌وه‌ یاخود گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاساكه‌ی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ی 53 ده‌نگ به‌رامبه‌ر به‌ 25 ده‌نگی دژ،  به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر گفتوگۆكردنی پرۆژه‌ یاساكه‌ په‌سندكرا. وه‌ك ناڕه‌زایی ده‌ربڕینێكیش به‌رامبه‌ر به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاساكه‌، ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتاران بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌یان كرد.
پاشان پێشنیاز كرا راپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بكرێته‌ بنه‌مای گفتوگۆكان و سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش پێشنیازه‌كه‌ی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ كۆی ده‌نگ په‌سند كرا.
 راپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌رباره‌ی پرۆژه‌ یاساكه‌ خرایه‌ روو ‌و به‌پێی راپۆرتی هاوبه‌شیش ناوونیشان و مادده‌ی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كه‌، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ پێناسه‌ و زاراوه‌كان، گفتوگۆی له‌سه‌ركرا و وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ راپۆرتی لیژنه‌ی هاوبه‌شدا هاتبوو به‌ جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و  په‌سند كران.
مادده‌ی دووه‌می پڕۆژه‌كه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ سه‌قفی قه‌رزه‌كه‌ و میكانیزمه‌كانی وه‌رگرتنی ‌و بڕی قه‌رزی وه‌رگیراو كه‌ 5 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی-یه‌، دوای گفتوگۆكردنی خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.
سه‌باره‌ت به‌ ماده‌كانی (3‌و 4 ‌و 5‌و 6‌و 7)ی پڕۆژه‌ یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ جۆری ئه‌و دراوه‌ی كه‌ راده‌كێشرێ ‌و  شێوه‌ی قه‌رزه‌كه‌ ‌و پرۆسه‌ی وه‌رگرتنه‌كه‌ی ‌و پابه‌ندكردنی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ دانه‌وه‌ی ئه‌و مایانه‌ی كه‌ راده‌كێشرێن به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌و یاسایه‌ ‌و پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ‌و جێگره‌كه‌ی ‌و وه‌زیری دارایی ‌و هه‌ر وه‌زیرێكی تر ‌و راسپاردنیان به‌ ده‌سه‌ڵاتی دیاریكردنی حوكم ‌و مه‌رجه‌كانی هه‌ر پرۆسه‌یه‌ك له‌ پرۆسه‌كانی راكێشانی مایه‌ ‌و دانوستانكردن به‌ سیفه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ نوێنه‌ری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانن ‌و به‌ستنی رێككه‌وتن ‌و به‌ڵگه‌نامه‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا بێت ‌و به‌رپرسیاربوونیشیان له‌ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پێكه‌وه‌یی ده‌بێت، هه‌روه‌ها دیاریكردنی حوكم ‌و مه‌رجه‌كانی هه‌ر راكێشانێكی مایه‌ یان گه‌ره‌نتیكردنی قه‌رز به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی ده‌سته‌به‌ر بكات ‌و دانانی رێكاره‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌كانی ئالوگۆڕكردنی درا‌و ‌و به‌رهه‌مه‌ دارایییه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ‌و پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت ‌و هێنانه‌ كایه‌ی فه‌رمانگه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی به‌ ناوی فه‌رمانگه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی مایه‌ی راكێشراو ‌و دیاریكردنی ئاستی تێكڕای سوود یان تێكڕای سوودی بنه‌ڕه‌ت ‌و رسومات ‌و عموله‌كان به‌ ره‌چاوكردنی كێبڕكێی نێوان سه‌رچاوه‌كانی راكێشانی مایه‌، دوای گفتوگۆكردنیان به‌ جیا ‌و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌یان به‌ ره‌چاوكردنی سه‌رنج ‌و تێبینی ‌و پێشنیازه‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ‌و نوێنه‌رانی حكومه‌ت ، خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌ جیا په‌سند كران.
 
سه‌باره‌ت به‌ مادده‌كانی (8‌و 9‌و 10‌و 11‌و 12‌و 13)ی پڕۆژه‌ یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ گشت رێككه‌وتن ‌و به‌ڵگه‌نامه‌كانی كه‌ له‌و بواره‌دا هه‌رێم گرێیان ده‌دات ملكه‌چی رسوماتی پوولی دارایی یان لێبڕینی هه‌ر بڕێك یان باجێكی تری هاتوو له‌ هه‌ر یاسایه‌ك یان په‌یڕه‌وێك یان رێنماییه‌كی تری به‌ركار له‌ هه‌رێم نابێت، هه‌روه‌ها كارنه‌كردن به‌ هیچ یاسایه‌ك یان بڕیارێك یان هه‌ر ده‌قێكی تری ناكۆك له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌و یاسایه‌ ‌و پابه‌ندكردنی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ‌و وه‌زاره‌تی دارایی ‌و وه‌زاره‌تی پلاندانان به‌ خه‌رجكردنی بڕی مایه‌ راكێشراوه‌كه‌ له‌ پڕۆژه‌كانی ژێرخانی ئابووری ‌و وه‌به‌رهێنان به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ دواى راستاندنی پڕۆژه‌كان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ‌و چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ناكۆكییانه‌ی له‌ ئه‌نجامی پیاده‌كردنی حوكمه‌كانی ئه‌و یاسایه‌ ‌و ئه‌و رێككه‌وتن ‌و گرێبه‌ستانه‌ی كه‌ به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ ده‌به‌سترێن له‌ رێگه‌ی ناوبژیوانیی نێوده‌وڵه‌تی به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی ‌و پابه‌ندكردنی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌و یاسایه‌ ‌و ده ركردنی رێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاریكردن ‌و جێبه‌جێكردنی له‌ رێكه‌وتی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمیی وه‌قایعی كوردستان، دوای گفتوگۆكردنیان به‌ جیا ‌و خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌ جیا په‌سندكران.
پاشان هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی یاساكه‌ ‌و كۆی یاساكه‌ به‌ جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و په‌سند كران، به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی كوردستان كرد ‌و ستایشی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ‌و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ‌و نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمی كرد به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌رك ‌و ماندووبوونیان.
شایه‌نی باسه‌ پڕۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ پێشكه‌ش كرابوو ‌و له‌ دانیشتنی ژماره‌ (11)ی ئاسایی له‌ رۆژی 2014/11/19 خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كرا ‌و مه‌به‌ست له‌ ده‌رچوواندنیشی بۆ پاڵپشتیكردنی باری داراییی هه‌رێمی كوردستان ‌و به‌رده‌وامیی پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدان ‌و پێشخستنه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌له‌كه‌مان ده‌سته‌به‌ر بكات.  
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ