بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زیاده‌ڕۆیی چه‌ند راسپارده‌یه‌ك ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌كرێت

26/05/2015 06:53:00 م
به‌ مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌ گفنوگۆكردنی  كێشه‌ی زیاده‌ڕۆیی له‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌عات 3:30ی دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2015/5/26 ، به‌شی دووه‌می دانیشتنی ژماره‌ (12)ی ئاساییی خولى به‌هاره‌، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆكی په‌رله‌مان ‌و فه‌خره‌دین قادر عارف سكرتێری په‌رله‌مان ‌و ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران وه‌ك سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای به‌دواداچوونی كێشه‌ی زیاده‌ڕۆیی ‌و عه‌بدولسه‌تار مه‌جید وه‌زیری كشتوكاڵ ‌و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ‌و خاتوو نه‌ورۆز مه‌ولود وه‌زیری شاره‌وانی ‌و گه‌شتوگوزار ‌و مه‌ولود موراد محێدین وه‌زیری هه‌ریًم بۆ كاروباری په‌رله‌مان، به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی كه‌ ژماره‌یان 32 په‌رله‌مانتار بوو كه‌ ناوی خۆیان تۆماركردبوو بۆ قسه‌كردن، بۆچوون ‌و  تێڕوانینی خۆیان له‌سه‌ر راپۆرتی لیژنه‌ی ئاسه‌وار و خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار و راپۆرته‌كانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ‌و هه‌ردوو وه‌زیری شاره‌وانی ‌و گه‌شتوگوزار ‌و وه‌زیری كشتوكاڵ ‌و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ‌و كێشه‌ ‌و هۆكاره‌كانی كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌و زیاده‌ڕۆییانه‌ خسته‌ روو ‌و چه‌ندین پێشنیازیشیان بۆ چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و دیارده‌یه‌ خسته‌ روو ‌و كۆمه‌ڵێ پرسیاریشیان ئاراسته‌ی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ‌و هه‌ردوو وه‌زیری ئاماده‌بوو كرد. 
دوای ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی كه‌ ناوی خۆیان تۆماركردبوو قسه‌ی خۆیان كرد، له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی راگه‌یاند، ئه‌و راپۆرته‌ی كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسه‌وار ‌و خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانی ‌و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار خوێندرایه‌وه‌، له‌ كۆتاییه‌كه‌یدا كۆمه‌ڵێك راسپارده‌ی تێدایه‌، ئێوه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش گه‌ر راسپارده‌ی ترتان هه‌یه‌ ده‌توانن له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا ئاراسته‌ی سه‌رۆكی لیژنه‌ی شاره‌وانیی بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و راسپاردانه‌دا جێی بكاته‌وه‌، ئه‌و كات  وه‌كو راسپارده‌ی ئه‌م دانیشتنه‌ ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ده‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ی پێی وه‌ربگیرێت.
سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ی كه‌ ئاماده‌كراوه‌ له‌ بواری زیاده‌ڕۆیی، له‌لایه‌ن لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران موتابه‌عه‌ی ده‌كرێ بۆئه‌وه‌ی به‌ زووترین كات راپۆرتی له‌سه‌ر ئاماده‌ بكرێ ‌و بهێنرێته‌وه‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مان.
 
 
دواتر له‌لایه‌ن جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ‌و هه‌ردوو وه‌زیری كشتوكاڵ ‌و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ‌و وه‌زیری شاره‌وانی ‌و گه‌شتوگوزار، روونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر سه‌رنج ‌و تێڕوانیینه‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان خرانه‌ روو ‌و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌شیان دایه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ ئاراسته‌یان كرابوون.
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان