لەدەستپێكی سەردانیكی فەرمی بۆ ئیتالیاو سوید
سەرۆكی پەرلەمان چاوی بەسەرۆكی ئەنجومەنی پیران وسەرۆكی ئەركانی سوپای ئیتالیا دەكەوێت

09/02/2015 06:02:00 م
تارق جەوهەر سارمەمی راوێژكاری راگەیاندن لەپەرلەمانی كوردستان  بەمالپەری پەرلەمانی كوردستانی راگەیاندن:  شەوی رابردوو وەفدیكی بالای پەرلەمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی د. یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بەیاوەری سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پارتی وگۆران ویەكێتی ویەكگرتووی ئیسلامی وكۆمەلی ئیسلامی ولیستی رافیدەین وسەرۆكی لیژنەی رەوەندی كوردی لەپەرلەمانی كوردستان، بەسەردانیكی فەرمی  بەرەو هەردوو ولاتی ئیتالیاو  سوید بەریكەوتن.    
ئامانجی سەرەكی سەردانەكە جگەلە گەشەپێدانی پەیوەندی نیوان پەرلەمانی كوردستان و هەریەك لەپەرلەمانی ئیتالیاو سوید وچۆنیەتی  سوود وەرگرتنە لەئەزموون وسیستمی كاری پەرلەمانی لەو دوو ولاتەدا، وەفدەكە هەولدەدات پشتیوانی سیاسیی وهاوكاری سەربازی زیاتری ئەو  دوو ولاتە  بۆ هێزی پێشمەرگەو حكومەتی هەریم وگەلی كوردستان لە رووبەرووبوونەوەی شەری دژ بە داعش ، بەدەستهینانی كۆمەك وهاوكاری مرۆیی زیاترە بۆ ئاواراەكانی  روویان لەهەریمی كوردستان كردووە.
 بریاریشە ئەمرۆ دووشەممە 9-2-2015  لەدەستپێكی گەشتە سیاسی ودیبلۆماسیەكەیاندا د. یوسف محەمەد  سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و وەفدی هاوریی لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی پیرانی ئیتالیا پێشوازیان لێبكرێت. دواتر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەیاوەری شاندەكەی پەرلەمان لەگەلە سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیتالیا كۆببنەوە .
لەبەشێكی تری لیدوانەكەیدا راوێژكاری راگەیاندنی پەرلەمان روونیكردەوە بریارە  سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و وەفدی هاورێی لەدرێژەی سەردانەكەیاندا بۆ ولاتای ئیتالیا كەتا 15ی ئەم مانگە دەخایەنێ‌،  رۆژانی داهاتوو چاویان بە فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران وئەنجومەنی پیرانی ئیتالیا وسەرۆكی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی ئیتالیا بكەوێت.

 هەروەك رایگەیاند: چاوەروان دەكرێت سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان  سیمینارێك لەبارەی (( رەوشیی سیاسی وئەمنی وئەزموونی دیموكراتی هەریمی كوردستان)) لەبەر رۆشنایی جەنگی دژ بەتیرۆریستانی داعش لە بارەگای ((كۆمەلەی ئیتالی بۆ  رێكخستنی  كاروباری  دیبلۆماسی ونێودەولەتی  - SIOI  )) پێشكە بكات.
لەبارەی بەرنامەی سەردانەی وەفدەكەی پەرلەمانیش بۆ ولاتی سوید تارق جەوهەر بەسایتی پەرلەمانی راگەیاند: بریارە وەفدی بالای پەرلەمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی د. یوسف محەمەد  وەفدی هاورێی لەرۆژانی 15 – 19ی ئەم مانگە  سەردانی  ولاتی سوید بكەن  وچاویان بە سەرۆكی پەرلەمانی سوید و وەزیری دەرەوەی ئەو ولاتە  بكەوێت،  دواتریش لەگەل رەوەندی كوردی لەولاتی سوید  كۆببێتەوە.
جێگای باسە لەخولی چوارەمی هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دوای سەردانی ولاتی هۆلەندا،  ئەمە دووەم سەردانی فەرمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە  بۆ ولاتانی ئەوروپا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ