له‌ دیدارێكی سكرتێری په‌رله‌ماندا جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی زوو په‌سندكردنی یاسای نه‌وت و وزه‌ى عیراق كرایه‌وه‌

09/02/2015 11:56:00 ص
سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ  9/2/2015 فه‌خره‌دین قادر سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد.
له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی لیژنه‌ى پیشه‌سازى و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و ‌و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، سكرتێری په‌رله‌مان جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی زوو په‌سندكردنی یاسای نه‌وت و وزه‌ى عیراق له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كرده‌وه‌ ‌و ته‌ئكیدیشی له‌سه‌ر پێویستیی هه‌ماهه‌نگیی زیاتر له‌ نێوان لیژنه‌ى پیشه‌سازى و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و لیژنه‌ى نه‌وت و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كرده‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی سوودوه‌رگرتن له‌ توانا و پسپۆڕییه‌كانى یه‌كتر بۆئه‌وه‌ی  بتوانرێت به‌ هه‌موو لایه‌ك سیاسه‌تێكى سه‌ركه‌وتووى پیشه‌سازى له‌ سه‌رتاسه‌رى عێراق په‌یڕه‌و بكه‌ن.
له‌ لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ لیژنه‌كه‌ سوپاسى ئه‌و پێشوازییه‌یان كردو هیوایان خواست كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غداد كه‌ تایبه‌تن به‌ سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان له‌ زووترین كاتدا چاره‌سه‌ر بكرێن و په‌رله‌مانى كوردستانیش له‌مڕووه‌وه‌ ڕۆڵێكى ئیجابى ببینێت .
 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان