له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا كار ‌و چالاكییه‌كانی په‌رله‌مان له‌ ساڵى یه‌كه‌مى خولى چواره‌م خرایه‌ روو

18/01/2015 11:46:00 ص
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 18/1/2015 تارق جه‌وهه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، له‌ هۆڵی په‌ناگیرى له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا تیشكى خسته‌ سه‌ر كار و چالاكییه‌كانی په‌رله‌مان له‌ ماوه‌ى ساڵى یه‌كه‌مى خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا.
له‌ كۆنگره‌كه‌دا به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى په‌رله‌مان، تیشكی خسته‌ سه‌ر ئامارى كار ‌و چالاكیى ‌و دانیشتنه‌كان ‌و یاسا ‌و بڕیاره‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ماوه‌ى ساڵی یه‌كه‌می خولی چواره‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان‌و رایگه‌یاند: "له‌ ماوه‌ى ئه‌و ساڵه‌دا په‌رله‌مانى كوردستان به‌گشتی 45 دانیشتنى ئه‌نجام داوه‌ كه‌ 3 دانیشتنیان هی ده‌سپێكی كردنه‌وه‌ى خوله‌كانی په‌رله‌مان ‌و 2 دانیشتنی نائاسایی ‌و 40 دانیشتنی ئاسایی كه‌ 19 یان هی خولی گرێدانی یه‌كه‌م  ‌و 21 دانیشتنیشیان هی خولی گرێدانی دووه‌م بوو، په‌رله‌مان 9 یاسا ‌و 32 بڕیارى له‌ بواره‌ جیاجیاكان ده‌ركردووه‌، هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ى بۆ 112 پڕۆژه‌ یاسا ‌و بڕیار كردووه‌ ‌و ئاراسته‌ی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان كراون بۆ تاووتوێكردن ‌و ئاماده‌كردنی راپۆرت له‌ باره‌یانه‌وه‌".
هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى په‌رله‌مان، تیشكی خسته‌ سه‌ر چالاكیی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان ساڵی 2014دا ‌و رایگه‌یاند: "له‌ ماوه‌ى نێوان 1/5/2014 تا 31/12/2014 لیژنه‌كانی په‌رله‌مان كه‌ ژماره‌یان 22 لیژنه‌یه‌ (5494) چالاكیی جۆراوجۆریان ئه‌نجام داوه‌، به‌ سه‌رجه‌م لیژنه‌كان (502) كۆبوونه‌وه‌یان كردووه‌ ‌و (1350) نووسراویان ده‌ركردووه‌ ‌و (2769) نووسراویشیان ئاراسته‌ كراوه‌ ‌و (108) پڕۆژه‌ یاساش ئاراسته‌ی لیژنه‌ى كاروبارى یاسایی ‌و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كراوه‌، به‌ سه‌رجه‌م لیژنه‌كانیش (51) راپۆرتیان له‌سه‌ر پڕۆژه‌كان ئه‌و بابه‌تانه‌ى ئاراسته‌یان كراون ئاماده‌ كردووه‌".
  هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "له‌و ماوه‌یه‌دا 84 به‌رپرسی حكومه‌ت له‌ ئاستی وه‌زیر ‌و بریكاری وه‌زاره‌ت ‌و سه‌رۆكی ده‌سته‌كان ‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كان سه‌ردانی لیژنه‌كانی په‌رله‌مانیان كردووه‌ كه‌ تیایدا (11) وه‌زیرى حكومه‌ت له‌ كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌كان به‌شداریان كردووه‌، هه‌روه‌ها 152 هاووڵاتی سه‌ردانی لیژنه‌كانی په‌رله‌مانیان كردووه‌ بۆ به‌دواداچوونی كێشه‌كانیان".
هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنی په‌رله‌مان ئاماژه‌ى به‌سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كانی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان كرد ‌و رایگه‌یاند: "لیژنه‌كان به‌ گشتی 379 سه‌ردانی جۆراوجۆریان بۆ وه‌زاره‌ته‌كان ‌و هێزی پێشمه‌رگه‌ ‌و ره‌وشی ئاواره‌كان ‌و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت ‌و ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ئه‌نجام داوه‌".
هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌و لیژنه‌ نوێیانه‌ى كه‌ له‌و خوله‌ى په‌رله‌مان زیادكراون كه‌ بریتین له‌ لیژنه‌كانی (په‌یوه‌ندییه‌كان ‌و كاروبارى ره‌وه‌ندى كوردستانى، كاروبارى په‌رله‌مان، ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم)، ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد كه‌ له‌و خوله‌دا په‌رله‌مان چوار لیژنه‌ی كاتیی بۆ چه‌ندین پرس ‌و بابه‌تی دیاریكراو پێكهێناوه‌ كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و رووداوانه‌ى له‌ هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی ‌و هه‌ولێر له‌ رۆژی 30/4/2014 ‌و رۆژانی دوایی روویاندا، پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كى كاتی بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی كاتی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ ‌و به‌دواداچوون بۆ به‌جینۆسایدناساندنی تاوانه‌كانی دژ به‌ پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كى كاتی بۆ پاڵاوتنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران.
  له‌ به‌شێكى ترى كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى په‌رله‌مان، تیشكی خسته‌ سه‌ر چالاكییه‌ دیپلۆماسییه‌كان ‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان ‌و ژماره‌ى ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ى حومه‌تی هه‌رێم كراون ‌و ئاماژه‌شی به‌ سیاسه‌تى كرانه‌وه‌ى په‌رله‌مانی كوردستان كرد به‌ رووى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ‌و راگه‌یاندنه‌كان ‌و پسپۆڕان ‌و شاره‌زایانى بواره‌ جیاجیاكان ‌و ناوه‌نده‌ زانستى ‌و ئه‌كادیمییه‌كان ‌و به‌شداریپێكردنیان له‌ ۆرك شۆپ ‌و سیمینار ‌و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌كان به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردنی چه‌ندین پڕۆژه‌ یاسای گرنگ بۆ وه‌رگرتنى بیروبۆچوونیان له‌باره‌یانه‌وه‌. 
له‌ كۆتایی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ رۆژنامه‌نووسانی ئاماده‌بوو چه‌ند پرسیارێك سه‌باره‌ت به‌ چه‌ندین پرسی هه‌نووكه‌یی ئاراسته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى په‌رله‌مان كران ‌و ئه‌ویش وه‌ڵامى دانه‌وه‌.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ