شاندێكى باڵاى په‌رله‌مانى كوردستان به‌شدارى له‌كۆبونه‌وه‌ى لیژنه‌ى په‌رله‌مانى یه‌كێتى ئه‌وروپا بۆ عیراق ده‌كات

07/11/2014 09:47:00 ص
پێشنیوه‌رۆى رۆژی 6/11/2014 دكتۆر جعفر ئیبراهیم ئێمینكى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و فه‌خره‌دین قادر سكرتێرى په‌رله‌مان به‌ یاوه‌رى دلاوه‌ر خالید ئاژگه‌یی نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌یه‌كێتى ئه‌وروپا سه‌ردانى باڵه‌خانه‌ى په‌رله‌مانى یه‌كێتى ئه‌وروپایان كرد.
شانده‌كه‌ له‌لایه‌ن دێڤید كامبڵ بانه‌رمان و ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتاران و ره‌وه‌ندى كوردى به‌گه‌رمى پێشوازیان لێكرا، دواتر له‌ده‌ستپێكى كۆبونه‌وه‌ى لیژنه‌ى په‌رله‌مانى یه‌كێتى ئه‌وروپا بۆ عیراق به‌رێز دێڤید كامبڵ سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ له‌ووته‌یه‌كى به‌خێرهاتندا خۆشحاڵى خۆیانى ده‌ربڕى به‌ ئاماده‌بوونى شاندى په‌رله‌مانى كوردستان و ره‌خساندنى ئه‌و بواره‌ تاوه‌كو له‌نزیكه‌وه‌ له‌باره‌ى ره‌وشی سیاسی عیراق و هه‌رێمى كوردستان و گۆڕانكاریه‌ كانى دواى سه‌رهه‌ڵدان و په‌ره‌سه‌ندنى داعش و مه‌ترسیه‌ راسته‌قینه‌كانى بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان  و گه‌لانى ناوچه‌كه‌ بۆچونه‌كانیان بخه‌نه‌ روو هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى خسته‌ روو دوو رۆژ به‌ر له‌ئێستا به‌رێز مه‌سرور بارزانى راوێژكارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان هه‌ر له‌م مینبه‌ره‌ به‌ ئاشكرا رایگه‌یاند داعش دوژمنى هه‌مووانه‌ و ده‌بێ هه‌موومان رووبه‌رووى ببینه‌وه‌ بۆ پشتیوانى ئه‌م وته‌یه‌ش ووتى ژماره‌یه‌كى زۆرى ئه‌وروپیش په‌یوه‌ندیان به‌ داعش كردوه‌و چونه‌ته‌ خاكى سوریا و عیراق و هه‌روه‌ها له‌بروكسل په‌لامارى مۆزه‌خانه‌یه‌كیان داوه‌ مه‌ترسی راسته‌قینه‌یان له‌سه‌ر ئه‌وروپاش هه‌یه‌و پێویسته‌ به‌جیدى له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ بوه‌ستین و كارى بۆ بكه‌ین.
پاشان دكتۆر جعفر ئیبراهیم ئێمینكى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان له‌وته‌یه‌كى دا له‌باره‌ى خولى چواره‌مى په‌رله‌مانى كوردستان و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و سیاسیه‌كانى پوخته‌یه‌كى خسته‌ روو دواتر تیشكى خسته‌ سه‌ر ره‌وشی سیاسی و سه‌ربازى و مرۆیی له‌هه‌رێمى كوردستان و رایگه‌یاند ده‌بوا حكومه‌تى عیراق له‌سه‌رده‌مى نورى مالیكى پێشكه‌وتنه‌ به‌رچاوه‌كانى ره‌وتى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و گه‌شه‌پێدان و پێشكه‌وتن له‌هه‌رێمى كوردستان له‌به‌ر چاو بگرێت و پابه‌ندى جێبه‌جێ كردنى ده‌ستور بێ كه‌چی خۆى له‌جێبه‌جێ كردنى ده‌ستور دزیه‌وه‌و ره‌وشه‌كه‌ى ئاڵۆزكرد و موچه‌ و بودجه‌ى پێشمه‌رگه‌ى نه‌نارد و له‌دابینكردنى چه‌ك و راهێنان به‌هێزى پێشمه‌رگه‌ هیچ هه‌نگاوێكى نه‌نا ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ سستى نواندن و خۆدزینه‌وه‌ له‌جێبه‌جێ كردنى ماده‌ى 140 ى ده‌ستورى عیراق و دروستكردنى ژماره‌یه‌ك ته‌نگژه‌ى تر كه‌ دواینیان پێشهاتێكى مه‌ترسیداربوو له‌مێژووى حوكمڕانى گه‌لانى ناوچه‌كه‌ ئه‌ویش بڕینى موچه‌ و قووتى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان بوو كه‌هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌.
پاشان تیشكى خسته‌ سه‌ر ره‌وشی پێشمه‌رگه‌ و رووبه‌روو بونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ داعش و داواى كرد ووڵاتانى ئه‌وروپا به‌ یارمه‌تیدان و دابینكردنى چه‌كى قورس بۆ پێشمه‌رگه‌ هاوكار بن چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ى پێدا سه‌ره‌راى ئیراده‌ى پۆلاینی پێشمه‌رگه‌ كه‌ ئێستا به‌نوێنه‌رایه‌تى ووڵاتانى ئازاد و دیموكرات ئه‌و شه‌ره‌ ده‌كات و رۆژانه‌ شه‌هید و بریندار مان هه‌یه‌ به‌لام داعش به‌چه‌كى پێشكه‌وتووى هه‌ردوو ولاتى عیراق و سوریا كه‌ ده‌ستى كه‌وتوه‌ شه‌رى پێشمه‌رگه‌ ده‌كات و پێویسته‌ له‌و روه‌وه‌ ووڵاتانى ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا هاوكارى زیاترى هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌چه‌كى قورس بكه‌ن هه‌روه‌ها له‌باره‌ى هاوكاریه‌ مرۆییه‌كان هیواى خواست له‌ئاستى ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى په‌نابه‌ران بێ كه‌ خۆى له‌ یه‌ك ملیۆن و هه‌شت سه‌د هه‌زار ئاواره‌ ده‌دات و داواى لێكردن له‌ناساندنى كاره‌ساتى تراژیدیای خوشك و برایانى ئێزیدى له‌شنگال كه‌ وه‌ك تاوانی جینۆساید دژ به‌ كوردى ئێزیدى بێته‌ ناساندن كه‌ ئێستا ئه‌م كه‌یسه‌ له‌دادگاى لاهاى  خراوه‌ته‌ روو كارى بۆ كراوه‌و ئاماده‌یی په‌رله‌مانى كوردستانى بۆ هه‌موو هه‌ماهه‌نگى و كاركردن و كردنه‌وه‌ى كه‌ناڵی راسته‌وخۆى په‌یوه‌ندى له‌نێوان هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئاستى جیاواز هه‌بێ و په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوانیان پته‌وتر بكرێ. 
پاشان به‌رێز فه‌خره‌دین قادر سكرتێرى په‌رله‌مان تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌رك و كاره‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و پێكهاته‌ى خولى چواره‌مى په‌رله‌مان و ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: ئیسلام ئاینی ئاشته‌وایی و لێبوردن و به‌خته‌وه‌ریه‌ و داعش دووره‌ له‌ره‌وشتى موسوڵمانى راسته‌قینه‌ و ئێمه‌ى موسوڵمانان به‌سه‌دان ساڵ له‌گه‌ڵ خوشك و براكانمان له‌ئاینه‌كانى تر پێكه‌وه‌ ژیاوین و مرۆڤ لاى خوا رێزى لێگیراوه‌و ژیانى مرۆڤ هێڵى سوره‌ لاى ئیسلام.
پاشان له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى یه‌كێتى ئه‌وروپا و ئاماده‌بوانى ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ ژماره‌یه‌ك پرسیار ئاراسته‌ى جێگرى سه‌رۆك  و سكرتێرى په‌رله‌مان كرا كه‌ به‌راشكاوى وه‌لامیان دایه‌وه‌.
له‌كۆتایشدا شاندى په‌رله‌مانى كوردستان ئاڕم و وێنه‌ى باڵه‌خانه‌ى په‌رله‌مانى كوردستانى وه‌ك یادگاریه‌ك پێشكه‌ش به‌سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپا بۆ عێراق كرد.
شایانى باسه‌ له‌رێگه‌ى نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان لیژنه‌ى په‌رله‌مانى یه‌كێتى ئه‌وروپا بۆ عیراق به‌فه‌رمی بانگهێشتى شاندى په‌رله‌مانى كوردستانى كرد بۆ به‌شدار بوون له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌.  

رۆژمێرى رووداوه‌كان