لە سەردەمی سەرۆکایەتی نوێی پەرلەماندا: ئەو قۆناغەی تێپەڕی کە دامەزراندن لەسەر بنەمای تەزکیەی سیاسی و کەسی و خێزانی بێت

31/08/2014 09:40:00 م
 ئەمڕۆ 31/8/2014، هەندێک زانیاریی ناڕاست لە میدیاکاندا لەسەر پرۆسەی دامەزراندنی فەرمانبەران لە دیوانی پەرلەمانی کوردستان، لە دوای دەستبەکاربوونی بەڕێز(د.یوسف محمد صادق)ەوە وەک سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بڵاوکراوەتەوە.
بۆیە ئێمە وەک دیوانی پەرلەمانی کوردستان بە پێویستمان زانی بە پشت بەستن بە بنەمای شەفافیەت و پێدانی زانیاری، بە  چەند خاڵێک راستیەکان بخەینە بەردەم رای گشتی .
1. ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی لەدەستبەکاربوونی سەرۆکایەتی نوێی پەرلەمانەوە دامەزراون بە پلە و ناونیشانی جیا جیا (٥١) فەرمانبەرە نەک (٥٧) . لە بەرامبەردا گرێبەستی   (١٧) لەو فەرمانبەرانەی کە لە رابردوودا  بە شێوەیەکی نایاسایی گرێبەستیان بۆ کرابوو هەڵوەشێندراوەتەوە.
2. (١٠) فەرمانبەر لە کۆی ئەو (٥١) فەرمانبەرەی کە دامەزراون، پێشتر کارمەندی پەرلەمان بوون و بۆ ماوەی زیاتر لە ٢ ساڵ بە گرێبەست دامەزراون لە خولەکانی پێشوی پەرلەماندا.  دامەزراندنی ئەو ١٠ فەرمانبەرە گرێبەستەش لەسەر پێشنیار لیژنەی ڕێنماییەکانی دیوانی پەرلەمان بووە کە پێیان وابوو شایستەن .
3. لە پرۆسەی دامەزراندنی فەرمانبەراندا لە سەردەمی سەرۆکایەتی نوێی پەرلەماندا هیچ بنەمایەکی حیزبی و کەسی رەچاو نەکراوە، بەڵگەش بۆ ئەمە  لە دامەزراندنە نوێیەکاندا رەچاوی فرەیی سیاسی و ئایینی نەتەوەیی و دابەشبوونی جوگرافی و سیاسی و خەڵکی بێلایەنیش کراوە. تەنانەت لە لیستی دامەزرێنراوەکاندا ئەندامی ئەو لایەنی سیاسیی ئەو بەڕێزەشی زانیاریە نادروستەکانی بڵاوکردۆتەوە، تێدایە. 
4- لەم پرۆسەیەدا پێداویستیی نوسینگەکانی بەڕێزان سەرۆک، جێگر و سکرتێری پەرلەمان و بەڕێوەبەرایەتی و بەشە جیاجیاکانی پەرلەمان، تەنانەت پێویستیی فراکسیۆنە جیاجیاکانی پەرلەمان بەوانەشی یەک کورسیان لە پەرلەماندا هەیە، ڕەچاو کراوە.
ئەمەش ئەو بنەما دروستەیە کە پێویستە لە دامەزراوەکانی هەرێمدا لە کاتی دامەزراندندا رەچاو بکرێت.
5-پرۆسەی دامەزراندن لە سەردەمی سەرۆکایەتی نوێی پەرلەماندا، ئەو قۆناغەی تێپەڕاند کە دامەزراندن لەسەر بنەمای تەزکیەی سیاسی و کەسی و خێزانی بێت ، ئەمەش خاڵێکی وەرچەرخانە لەژیانی سیاسی و رێکخراوەیی دامەزراوە نیشتیمانیەکاندا.
6-لە بەر رۆشنایی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریدا، پەرلەمانی کوردستان لە ئێستادا جیاواز لە خولەکانی پێشوو ئۆفیسی بانکی زانیاری دامەزراندوە ، کە دەتوانرێت زانیاری پێویستی لێوەربگیرێت.
ئێمە لە دیوانی پەرلەمانی کوردستان وەڵامەکەمان تەنها لەو چوارچێوەیەدا ئاڕاستە کردووە کە پەیوەندی بە ڕاستکردنەوەی زانیاری هەڵە و نادروستەوە هەیە، نەک لە چوارچێوەی تێکەڵبوون بە هیچ جۆرە ململانێیەکی سیاسی. چونکە دیوانی پەرلەمانی کوردستان دامەزراوەیەکی ئیداریە لە یەکلایی کردنەوەی ململانێ سیاسیەکاندا هیچ پێگە و ڕۆلێک ناگێرێت.
                                      نوسینگەی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی پەرلەمان
                                                           31/8/2014

رۆژمێرى رووداوه‌كان