ماوەیەکە لەشاری موسڵ و دەوروبەی هاونیشتیمانیانی مەسیحی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کەوتونەتە بەر هەڕەشەو گوشاری گۆڕینی بیروباوەڕی ئاینی و بە زۆر جێهێشتنی شوێنی نیشتەجێبوونیان، لەئەنجامیشدا ژمارەیەکی زۆر خێزانی مەسیحیی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، لەبەرامبەر ئەم هەڕەشە مەترسیدارانەدا پەرلەمانی کوردستان ئیدانەی هەمو هێرش و فشارێک بۆ سەر هاوڵاتیانی مەسیحی دەکات و بەشکاندن و بەزاندنی بەهاو سنوورەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی بیروباوڕ لەقەڵەمی دەدات، لەهەمان کاتدا ئەم ڕەفتارانە تێکدانی ئەندازەی ڕەسەنی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئاینییەکانی شارەکەیە و تاوانێکی نەبەخشراویشە بەرامبەر بە پێکەوە ژیانی ئاشتییانە.!
پەرلەمانی کوردستان داواکارە حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان هاوکاریی ئاوارەکان بکات.
داواکارین لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاریکاری مادی و مەعنەوی هیزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بکەن، کە بوونەتە پارێزەری سەرجەم پیکهاتەو ئاین و نەتەوە جیاوازەکانی ناوچە کوردستانییە جێناکۆکەکان.
لە کۆتایشدا هیواخوازین ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەزووترین کات هاوکاریی مرۆیی بگەیەننە ئاوارەکان و لەخەم وئازارەکانیان کەم بکەنەوە.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
٢٠-٧-٢٠١٤