راگه‌یەندراوی راگه‌یاندنى په‌رله‌مان له‌باره‌ى لێدوانه‌كه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق

09/07/2014 09:55:00 م

   ئه‌مرۆ 9/7/2014 له‌ وتاره‌ هه‌فتانه‌كه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى كاربه‌ریكه‌رى عراقى فیدرال به‌رێز نورى مالكى هه‌ره‌شه‌ى ناره‌وای له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد و تۆمه‌تێكى بێ بنه‌ماى خسته‌ پاڵیه‌وه‌،‌ ده‌یه‌وێت هه‌موو شكسته‌كانى خۆى له‌م چه‌ند ساله‌ى رابردودا له‌و  جۆره‌ هه‌ره‌شه‌ و تۆمه‌ته‌ بێبنه‌مایانه‌ دابشارێته‌وه‌.
   په‌رله‌مانى كوردستان  به‌ناوى گه‌لى كوردستانه‌وه‌ ئه‌و هه‌ره‌شانه‌ شه‌رمه‌زار ده‌كات و ئه‌و هه‌موو تۆمه‌تانه‌ش ره‌تده‌كاته‌وه‌،  به‌هه‌وڵیكى نه‌زۆكى به‌ریز مالكی ده‌زانین بۆ داپۆشینى شكسته‌ سیاسى وجه‌ماوه‌رى وسه‌ربازیه‌كه‌ى  دووچارى بۆته‌وه‌.
     گه‌لانی عێراق و هێزه‌ سیاسیه‌ تێکۆشه‌ره‌کانی له‌ هه‌موو پێکهاته‌کان، ئه‌و راستیه‌ ده‌زانن که‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ درێژایی مێژووی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ رژێمی دیکتاتۆری پێشوو، داڵده‌و په‌ناگا بووه‌ بۆ ته‌واوی لێقه‌وماوان و ئازادیخوزانى عیراق و ئه‌وانه‌ی که‌ نادادپه‌روه‌ری و زوڵم و زۆر ناچاری کردون زێدی خۆیان به‌جێ بهێڵن.
    ئێستاش که‌ زیاتر له‌ نیو ملیۆن هاولاتی شاره‌کانی  موسل وبه‌غدا وناوه‌راست و باشوورى عیراق به‌ هۆی نه‌بوونى ئارامى ودادپه‌روه‌رى، ونه‌بوونى یه‌كسانى وئه‌و جه‌نگه‌ی له‌ هه‌رێمه‌که‌یاندا ده‌گوزه‌رێت روویان له‌هه‌ریمى كوردستان كردووه‌، گه‌لی کورد به‌ ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی ده‌زانێ به‌ هانای لێقه‌وماوانه‌وه‌ بێچێت و په‌ناگایه‌کی ئارامیان بۆ فه‌راهه‌م بکات، سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى مالكى به‌برینى موچه‌و به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم، گه‌مارۆى ئابوورى خستوته‌ سه‌ر حكومه‌ت و گه‌لى كوردستان.  
   سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ جیاتی هه‌ستکردن به‌ به‌رپرسیارێتی و پێشکه‌شکردنی هاوکاری مادی و مه‌عنه‌وی بۆ ئه‌و لێقوماوانه‌، به‌تیرۆریست تۆمه‌تباریان ده‌کات، ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدایه‌ پێشمه‌رگه‌کانی کوردستان گیانفیدایانه‌ بۆ پاراستنى ئه‌من وئاسایشى هه‌رێم وناوچه‌ كوردستانیه‌كان به‌گشتى ودابینكردنى كه‌شیكى ئارام بۆ لیقه‌ماوانى عیراق له‌هه‌ریم له‌ به‌ره‌کانی جه‌نگدا بونه‌ته‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م پێشره‌وی تیرۆریستان.
په‌رله‌مانی کوردستان ویراى ئه‌وه‌ى به‌توندى زمانى هه‌ره‌شه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ پیمان وایه‌ ئه‌و جۆره‌ زمانه‌ و بیركرنه‌وانه‌ى  به‌ریز مالكى وبه‌رده‌وامبوونى له‌سه‌ر پێشێلكردنى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یى وایكرد، گه‌لانى عیراق ویه‌كپارچه‌یى خاكه‌كه‌ى بكه‌وێته‌‌ به‌رده‌م هه‌ره‌شه‌ى له‌یه‌كترازان. دووپاتیشی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كێشه‌كانى عیراق به‌به‌كارهینانى هێز و زمانى هه‌ره‌شه‌ چاره‌سه‌رناكرین وپیویسته‌ كیشه‌كان له‌رێى گه‌رانه‌وه‌ بۆ ده‌ستوورو زمانى دیالۆگ ولێكتێگه‌یشتن ورێزگرتن له‌ئیراده‌ وخواستى پێكهاته‌كانى عیراق یه‌كلایى بكرێنه‌وه‌.

به‌رێوبه‌رایه‌تى راگه‌یاندنی په‌رله‌مانی کوردستان
9-7-2014

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ