یه‌كشه‌ممه‌ په‌رله‌مانى كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌

28/06/2014 09:29:00 م

تارق جه‌وهه‌ر سارمه‌مى راوێژكارى راگه‌یاندن له‌په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاند: رۆژى یه‌كشه‌مه‌ى داهاتوو ریكه‌وتى 29-6-2014 په‌رله‌مانى كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌، كه‌ دانیشتنى ئاسایى ژماره‌ (11) یه‌ له‌خولى گرێدانى دووه‌م، له‌سالى یه‌كه‌مى خولى هه‌لبژاردنى چواره‌م، هه‌روه‌ك رایگه‌یاند: به‌پێى به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بڕیاری له‌سه‌ردراوه‌ ئه‌م خالانه‌ى خواره‌وه‌ له‌خۆ ده‌گرێت:

یه‌كه‌م: سوێند خواردنی به‌ڕێز ( شامۆ شێخۆ نه‌عمۆ ) كه‌ به‌ زنجیره‌ ژماره‌ (39)ی فراكسیۆنی زه‌رد ناوی هاتووه‌ له‌ جێگای ئه‌ندامی ده‌ست له‌كاركێشاوه‌ی هه‌مان فراكسیۆن به‌ڕێز ( نوری حمه‌ علی) به‌پێی مادده‌ (31 ) له‌ پێڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

دووه‌م: قبوڵكردنی ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی به‌رێز (مولود مراد محی الدین) له‌ ئه‌ندامیه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان به‌پێی مادده‌كانی (33 و 35)ی پێره‌وی ناوخۆی ژماره‌ (1)ی هه‌مواركراوی ساڵی 1992ی په‌رله‌مانی كوردستان ـ عیراق.

سێیه‌م: قبوڵكردنی ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی به‌رێز (ده‌رباز عبدالله رسول) له‌ ئه‌ندامیه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان به‌پێی مادده‌كانی (33 و 35)ی پێره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ژماره‌ (1)ی هه‌مواركراوی ساڵی 1992ی په‌رله‌مانی كوردستان ـ عیراق.

چواره‌م: درێژكردنه‌وه‌ی خولی گرێدانی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بۆماوه‌ی یه‌ك مانگ به‌پێی مادده‌ی (7)ی پێره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ژماره‌ (1)ی هه‌مواركراوی ساڵی 1992ی په‌رله‌مانی كوردستان ـ عیراق و، بڕگه‌ (1)ی مادده‌ی (50) له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ـ عیراق ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو.

پێنچه‌م: گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ڕاپۆرتی (لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی و، لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و، لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندن و هونه‌ر) سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ناوچه‌ كوردستانیه‌ جێناكۆكه‌كان.

شه‌شه‌م: خستنه‌ڕو و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای ڕێكخستنی خۆپیشاندان له‌ هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (11)ی ساڵی 2010 و، ڕاپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، به‌پێی مادده‌كانی (72، 74، 77) له‌ پێره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ژماره‌ (1)ی هه‌مواركراوی ساڵی 1992ی په‌رله‌مانی كوردستان ـ عیراق.

حه‌وته‌م: خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می ئه‌م پڕۆژه‌ بڕیار و یاسایانه‌ی خواره‌وه‌ له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان به‌پێی مادده‌ی (71) له‌ پێره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ژماره‌ (1)ی هه‌مواركراوی ساڵی 1992ی په‌رله‌مانی كوردستان ـ عیراق:

1ـ پڕۆژه‌ بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری ژماره‌ (55)ی ساڵی 2004ی په‌رله‌مانی

 كوردستان ـ عیراق.

2ـ پڕۆژه‌ یاسای بیمه‌ی ته‌ندروستی (2 پڕۆژه‌).

3ـ پڕۆژه‌ یاسای ئه‌نجومه‌ن و ده‌زگای كاروباری دانوستان.

4ـ پڕۆژه‌ یاسای چاودێری كردنی ناكامه‌كان ژماره‌ (78)ی ساڵی 1980ی هه‌مواركراو.

5ـ پڕۆژه‌ یاسای بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ منداڵانی بێ باوك.

6ـ پڕۆژه‌ یاسای ده‌سته‌ی ئاوه‌دانی و خزمه‌تگوزاری گونده‌كانی كوردستان.

7ـ پڕۆژه‌ یاسای هه‌مواركردنی یاسای سندوقی كۆمه‌ك بۆ توشبوانی شێرپه‌نجه‌ له‌ هه‌رێمی 

   كوردستان ژماره‌ (11)ی ساڵی 2012.

8ـ پڕۆژه‌ یاسای بیمه‌ی كشتوكاڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان.

9ـ پڕۆژه‌ یاسای تایبه‌ت به‌ كورته‌ باڵاكان له‌ هه‌رێمی كوردستان.


رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ