روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌باره‌ى راپۆڕتێكى رۆژنامه‌ى ئاوێنه‌

07/08/2013 02:26:00 م

رۆژنامه‌ى ئاوێنه‌ له‌ژماره‌ى  رۆژى (6/8/2013) راپۆرتێكى بڵاكردۆته‌وه‌ كه‌ پڕه‌ له‌زانیارى هه‌ڵه‌و ناڕاست له‌باره‌ى كارى په‌رله‌مان، بۆیه‌ به‌پێویستى ده‌زانین له‌پێناو گه‌یشتن به‌ڕاستی ئه‌و روونكردنه‌وه‌یه‌ بۆ ئاوێنه‌و ده‌زگاكانى ترى راگه‌یاندنیش بڵاوبكه‌ینه‌وه‌،. هه‌ر له‌سه‌ره‌تادا پێویستبوو ئاوێنه‌و په‌یامنێره‌كه‌ى ئاوێنه‌ بۆ دڵنیابوون له‌ڕاستى و دروستى زانیارییه‌كانیان پێوه‌ندى به‌ ڕاوێژكارى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و به‌رێوه‌به‌رایتی گشتی دیوانی په‌رله‌مان بكه‌ن تاوه‌كو زانیارى راست و دروست وه‌ربگرن، نه‌وه‌كو پێوه‌ندى به‌ مامۆستا عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیزه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانه‌ و له‌زارى ئه‌وه‌وه‌ قسه‌ وه‌ربگرن كاتێك به‌ڕیزیان ده‌ڵێت له‌دوورو نزیكه‌وه‌ هاوشاریه‌كى خۆمم دانه‌مه‌زراندووه‌. پێش هه‌موو شتێك  مامۆستا عومه‌ر رێزێكی تایبه‌ت و كه‌سێكی گوێ لێگیرابووه‌ لای  سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆیه‌ هیچ كات چاوه‌روان نه‌بووین مامۆستا ئه‌و قسانه‌ بكات. خۆشی پێش هه‌موو كه‌س ده‌زانێت له‌سه‌ر داواى ئه‌و ڕاوێژكارو فه‌رمانبه‌ر دامه‌زراون و  یارمه‌تی دراون، كوتله‌ى یه‌كگرتوو له‌په‌رله‌مانى كوردستان یه‌كێكه‌ له‌و كوتلانه‌ى كه‌ به‌پێی قه‌واره‌ی خۆیان سوودمه‌ندبوون. كه‌هه‌ندێك له‌وانه‌ به‌نامه‌ ئاگاداری مامۆستا عومه‌ر عبدالعزیز كراوه‌ته‌وه‌.

له‌باره‌ى دامه‌زراندنى فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌، په‌رله‌مان ساڵانه‌ میلاكى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌ بۆ دامه‌زراندن، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش به‌پێى پێڕه‌وى ناوخۆ له‌ده‌ستى سه‌رۆكى په‌رله‌ماندایه‌، به‌شاهێدى هه‌موو كوتله‌ سیاسییه‌كانیش له‌ماوه‌ى دوو ساڵى ڕابردووى سه‌رۆكى په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌موو كوتله‌كان پشكیان هه‌بووه‌ له‌و دامه‌زراندنانه‌و بۆ یه‌كه‌مجاره‌ كه‌ فه‌رمانبه‌رو ڕاوێژكارى سه‌ر به‌لایه‌نه‌كانى ئۆپۆزسیۆنیش له‌په‌رله‌مان دابمه‌زرێن و به‌ڕیزه‌وه‌و له‌سه‌ر بنه‌ماى تواناو لێهاتوویان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت.

هه‌ر له‌و ڕاپۆرته‌دا باسى ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ گوایه‌ به‌رێوه‌به‌رى گشتى دیوانى په‌رله‌مان خێزانه‌كه‌ى خۆى گواستۆته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، له‌كاتێكدا به‌پێى به‌ڵگه‌نامه‌ ڕه‌سمییه‌كان خێزانى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوان ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ له‌سه‌رده‌مى كابینه‌ى دووه‌مه‌وه‌ فه‌رمانبه‌رى په‌رله‌مانه‌.

هه‌ر بۆ زانینى ئاوێنه‌و ده‌زگاكانى ترى ڕاگه‌یاندنیش هه‌موو ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان مافى خۆیه‌تى سێ پاسه‌وانی هه‌بێت، ئه‌ندامانى په‌رله‌مانیش ئازادن له‌وه‌ى كه‌ كێ له‌و پۆستانه‌ دابمه‌زرێنن كه‌ تایبه‌ته‌ به‌خۆیان و سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان هیچ جۆره‌ ته‌داخولێك له‌و پرسه‌دا ناكات، بۆیه‌ ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌ندامى په‌رله‌مان براو كه‌س و كارى خۆیان له‌و پۆستانه‌ دابمه‌زرێنن بۆ ڕاییكردنى ئیش و كارى ڕۆژانه‌ى خۆیاندا. هه‌روه‌ها ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانیش مافى خۆیانه‌ له‌نووسینگه‌ى تایبه‌تى خۆیاندا فه‌رمانبه‌رانى خۆیان هه‌ڵبژێرن و به‌پێى پێویستى فه‌رمانبه‌ر دابمه‌زرێنن له‌چوارچێوه‌ى میلاكى دیاریكراوى ساڵانه‌ى په‌رله‌ماندا.

نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان

7/8/2013


رۆژمێرى رووداوه‌كان